ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٦/٤/٥ بەڕێز سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم لە بەغداد لەگەڵ نوێنەرانی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانیی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوەوەو لەگەڵیاندا دۆسیەی گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراوی كابینەی حكومەتی تاوتوێكردو پێویستیی پەرەپێدانی دیالۆگ و رێكارەكانی بە ئاكام گەیشتنی چاكسازییە پێویستەكانی دوپاتكردەوە بەو جۆرەی كە پرەنسیبی هاوڵاتیبون و یەكڕیزی نیشتمانیی بخرێتە هەورازی هەمو شتێكی تر.
لەو كۆبونەوەیەدا بەڕێزیان دوپاتیكردەوە كە بەردەوام دەبێت لە راوێژ و كۆبونەوەكانی لەگەڵ هەمو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەكان، ستایشی گیانی هاریكاریی و پەرۆشیی لایەنەكان و ئەو هەوڵانەی كرد كە لە ئارادان بۆ لابردنی هەر ئاستەنگ و كۆسپێك كە دێنە رێی بە ئاكام گەیشتنی لێك تێگەیشتنی پتەو بەو جۆرەی كە بەرژەوەندیی عێراق و عێراقییەكان لە ریزی پێشەوە رەچاو بكات، سەرلەنوێش تەئكیدی كردەوە لەسەر پێویستیی تێكشكاندنی تاقمی داعشی تێرۆریست و چارەسەركردنی ریشەیی قەیرانی ئابوریی.
نوێنەرانی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانییش پەرۆشیی و ئامادەییان دوپاتكردەوە بۆ هاریكاریی بنیاتنەر لە پێناوی بەئاكام گەیاندنی چاكسازیی سەرتاسەریی كە بەدیهێنانی خواست و داواكاریی تەواوی هاوڵاتیان زامن بكات بەرەو ژیانێكی سەركەش و ئارام و پڕ لە دادپەروەریی.


