
بەڕێز سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم ستایشی پابەند بونی عێراقییەكانی كرد بە پێودانگەكانی لێبوردەیی و میانڕەویی وپەرۆشییان بۆ قوڵكردنەوەی یەكڕیزیی نیشتمانیی بە ئامانجی بەگژاچونەوەی تێرۆر ،گرنگیی رۆڵی دیوانەكانی ئەوقافیشی دوپاتكردەوە لە بەهێزكردن و بەرزكردنەوەی ورەی گەلەكەمان و چەسپاندنی گیانی هاریكاریی و پێكەوە ژیان ، هاوكات داوای یەكخستنی هەڵوێستەكانی كرد بەروی ئەوانەی تۆوی ناكۆكیی و تایەفەگەریی دەچێنن.
بەڕێزیان ئەمڕۆ یەك شەممە 2015/12/20 لە كۆشكی سەلام لە بەغداد لە میانەی پێشوازیكردنی لە دكتۆر شێخ عەبدول لەتیف ئەلهمیم سەرۆكی دیوانی وەقفی سونیی رونیكردەوە” ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە هەمو رۆڵەكانییەتی بۆ ئەوەی لەم شەڕەیدا بەسەر هێزەكانی تاریكیی و تەكفیریی و تێرۆردا سەربكەوێت”. لەو بارەیەوە ستایشی هەوڵی هەمو دیوانەكانی وەقفی كرد بۆ پەرەپێدانی دیالۆگ لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق و رێككەوتن لەسەر گوتارێكی ئاینیی كە پشت ببەستێت بە میانڕەویی و لێك تێگەیشتن.
لای خۆیەوە شێخ عەبدول لەتیف ئەلهمیم بایەخدان و هەوڵەكانی سەرۆك كۆماری بەرز نرخاند لە لێك نزیك كردنەوەی بیروبۆچونەكان و بەهێزكردنی پەیوەندیی هاریكاریی و برایەتیی و پێكەوەژیان لە نێوان هەمو عێراقییەكاندا.


